کۆبوونەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ دەزگا و میدیای زانیاری
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی یەکەم لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش پێشوازی لە تیمی پەیوەندییە گشتییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان لانە دزەیی و گەشبین تارق و چیا نەقشبەندی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تارق عەبدولڕەحمان.
کۆبوونەوەکەش بە مەبەستی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتی کۆنیفا لە هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ پاڵەوانیەتیەکە ئەنجامدرا، لە لای خۆیەوە سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش بە گرنگیەوە باسی لە پاڵەوانیەتیەکە کرد بەڕێوەچوون و رێکخستنی ئەم پاڵەوانیەتیەی لە هەرێمی کوردستان بە ئەرکی هەموو لایەنێک زانی، بە تایبەتی ئەم پاڵەوانیەتیە کە هەڵبژاردەی هەرێمی زۆربەی کیشوەرەکان بەشداری دەکەن، ئەمەش خاڵێکی گرنگە لە ناساندنی هەرێمی کوردستان بە رووی جیهان، چونکە وەرزش سەرچاوەیەکە بۆ ناساندنی و لێک نزیکردنەوەی گەلان و زیادکردنی داهات بۆ هەر وڵات و هەرێمێک لە کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکان. دواتر لە لایەن سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تارق عەبدولڕەحمان باس لە پاڵەوانیەتی کۆنیفای 2024 بۆ هەرێمەکان کرا بە هەمان شێوەی باسی لەوە کرد بۆ زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە ڕووی تەواوی جیهان بە تایبەتی لە رووی ئارامی و سەقامگیرییەوە ئەم پاڵەوانیەتیە پێویستە، لە لای خۆشیەوە بۆ تیمەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەردار ئیسماعیل باسی لە هاوئاهەنگی هەردوو لا کردەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانیەتیە کە کار لەسەر ئەوە دەکەن بە باشترین شێوەی بەرێوەبچێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەش لانە دزەیی لە تیمی پەیوەندییە گشتییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دڵخۆشی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانیەتە دەربڕی بە تایبەتی کە دەبێتە هۆکاری زیاتر بەرەوپێشچوونی وەرزشی کوردستان و ناساندی کوردستان بە تەواوی جیهان، هەموو پاڵپشتیەکی خۆیان بۆ ئەم بابەتە دووپاتکردەوە لە رووی دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ پاڵەوانیەتیەکە و رێکخستنی پاڵەوانیەتیەکە بە باشترین شێوە و کوالێتی.