دیدارێکی تایبەت لە نێوان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و کاپتن سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێککەوتی 21ی نیسانی 2026، لە دیدارێکی گرنگ و وەرزشیدا، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە بارەگای وەزارەت پێشوازی لە کاپتن سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و بونیادنەر سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای وەرزش بە گشتی و یاری تۆپی پێ بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پەرەپێدانی ژێرخانی وەرزشی و پاڵپشتیکردنی یانەکان کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستێکی بەرزدا نوێنەرایەتی ناو و ناوبانگی کوردستان بکەن.
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی خولەکانی کوردستان دەبنەوە و ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی زیاتری دامودەزگاکانی حکومەت کرد. لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی تێگەیشتنی قووڵی خۆی بۆ داواکارییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەرزش وەک کەرتێکی زیندوو و گرنگ دەبینێت بۆ پێگەیاندنی لاوان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
کاپتن سەڵاحەدین سیامەند، لە کۆتایی دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆی بەم پێشوازییە و ڕۆحیەتی هاوکارانەی وەزیری دارایی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم پاڵپشتییانە دەبنە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە وزەیەکی نوێوە کارەکانی ئەنجام بدات و پەرە بە خول و پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکان بدات.
