کۆتاییهاتنی خولە نێودەوڵەتییەکەی جەمال غەندوور لە هەولێر

کۆتاییهاتنی خولە نێودەوڵەتییەکەی جەمال غەندوور لە هەولێر

 

​ئەمڕۆ دووشەممە، 19-1-2026، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، چالاکییەکانی خولە زانستی و پراکتیکییەکەی کاپتن جەمال غەندوور بۆ ناوبژیوانانی خولەکانی کوردستان لە شاری هەولێر کۆتایی هات. ڕۆژی دووەم و کۆتایی ئەم خولە، تیشکی خستە سەر هەستیارترین لایەنەکانی ناوبژیوانی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکانەوە هەیە.

​کاپتن جەمال غەندوور لە وانەکانی ئەمڕۆیدا، جەختی لەسەر "هونەری بڕیاردان لە کاتە سەختەکاندا" کردەوە. تیشکی خستە سەر چۆنیەتی نزیکبوونەوەی ناوبژیوان لە شوێنی ڕووداوەکان و بەکارهێنانی تیژبینی بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەیان لە فاوڵە ڕاستەقینەکان. هەروەها بەشێکی گرنگی وانەکانی ئەمڕۆ تەرخانکرا بۆ شیکردنەوەی حاڵەتەکانی ناو ناوچەی سزا و ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی لە یاسای دەستلێدانی تۆپ (Handball)دا ڕوویانداوە، کە زۆرجار دەبنە جێگەی مشتومڕی زۆر لە یاریەکان.

​یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی چالاکییەکەی ئەمڕۆ، گفتوگۆی کراوە و ڕاستەوخۆی ناوبژیوانانی کوردستان بوو لەگەڵ ئەم ناوبژیوانە نێودەوڵەتییە، کە تێیدا کاپتن جەمال غەندور ئەزموونی خۆی لە یارییەکانی مۆندیال و جامە نێودەوڵەتییەکان بۆ گواستنەوە؛ ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆبوون و ئاستی مەعریفی بەشداربووان.

​لە کۆتایی چالاکییەکاندا، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ تەنها کۆتایی خولەکە نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە بۆ ئەوەی ناوبژیوانان ئەو زانیارییانەی لەم دوو ڕۆژەدا وەریانگرتووە، لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان و خولەکانی تردا ڕەنگ بداتەوە. یەکێتی تۆپی پێی کوردستان جارێکی تر سوپاسی ئەم ناوبژیوانە ناودارەی جیهانی کرد کە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە زانیارییەکانی پێشکەش بە ناوبژیوانانی هەرێمی کوردستان کرد.