سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کۆبووەوە

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2026، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە سەڵاحەددین سیامەند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوو لە محەمەد خۆشناو (سکرتێر) و حەسەن سلیم (ئەمینداری دارایی).

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گوزارشتێکی سەبارەت بە ڕەوشی وەرزش بە گشتی و یاری تۆپی پێ بە تایبەتی پێشکەش کرد. هەروەها شاندی یاوەری هەڵوەستەیان لەسەر ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم کارەکانیان کرد و هیوایان خواست بە پشتیوانی هەموولایەک بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببن و ڕێگەچارەی گونجاو بدۆزنەوە. هاوکات باسیان لە مێژووی پڕشنگداری ئەم وەرزشە لە هەرێم کرد و ئاواتیان خواست هەمیشە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا پێشەنگ بن.

لە بەرامبەردا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بە گرنگییەوە تیشکی خستە سەر پێگە و بایەخی وەرزش و ڕایگەیاند،بەرپرسیاریەتییەکی پیرۆزتان لە ئەستۆیە.هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ ئاسانکاری و پشتیوانیکردنی گەشەی وەرزشی و پلان و بەرنامەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەربڕی.

لە کۆتاییدا، ئاماژەی بە خولی دیپلۆماسیدا لەگەڵ کونسوڵگەری و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، کە وەک نەریتێکی ساڵانە لەلایەن فەرمانگەکەیانەوە ڕێکدەخریت؛ جەختیشی کردەوە کە دوێنێ یەکشەممە یاری کۆتایی خولی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.