شاندێکی باڵای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سەردانی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد
ڕۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری هەولێر، شاندێکی باڵای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کاپتن سەلاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک، سکرتێر و سەرجەم ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، لەلایەن د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشوازیمان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا، گفتوگۆیەکی ورد و هەمەلایەنە لەبارەی ڕەوشی گشتیی وەرزش بە گشتی و یاریی تۆپی پێ بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە تەوەرێکی سەرەکیدا، شاندی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر ئاستەنگ و کێشە و گرفتەکانی ئێستای بەردەم کارەکانی کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو و دابینکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە.
هاوكات، بڕگە و هەنگاوە کردارییەکان بۆ دەستپێکردنەوە و بەڕێوەچوونی خولە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی نوێ خرانەڕوو، و جەخت لە خولقاندنی کەشێکی لەبار و شایستە بۆ یانەکان و وەرزشکاران کرایەوە.
لای خۆیەوە، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە بڕوایەکی قووڵ و بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ، پێگە و بایەخی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و ئاستی گەشەسەندنی وەرزشی لە هەرێم ڕوانی. هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامبوون و بایەخدانی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی سێکتەری وەرزش و یاریی تۆپی پێ لە هەرێمی کوردستان کردەوە، و ئامادەیی خۆی بۆ ئاسانکاری و پشتیوانیکردنی گەشەی وەرزش دەربڕی.

