خولی ڕاهێنەرایەتی ئاستی C لە دەڤەری ڕاپەڕین بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات
بە سەرپەرشتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان؛ خولی ڕاهێنەرایەتی ئاستی C لە دەڤەری ڕاپەڕین بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات
بە سەرپەرشتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و بە چاودێری ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ڕاپەڕین، خولی زانستی و ڕاهێنان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئاستی C کە بۆ 44 ڕاهێنەری سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ناوچەکانی دەوروبەری بەڕێوەچوو، دوای 6 ڕۆژی یەکبەدوایەک لە پێشکەشکردنی وانە تیۆری و پڕاکتیکییەکان، کە لە ڕێکەوتی 15ی ئەیلوولی 2026 دەستی پێکردبوو و لە 20ی ئەیلوولی 2026 کۆتایی هات، بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.
ئەم خولە وەرزشییە گرنگە وەک وانەی تیۆری و کرداری پێشکەش کرا، کە تێیدا ئامانجی سەرەکی بەرزکردنەوەی توانای زانستی و تەکنیکی ڕاهێنەران، هاوچەرخکردنی ئاستی ڕاهێنەرایەتی لە سنورەکە و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی وەرزشکاران بوو لەسەر بنەما زانستی و وەرزشییە دروستەکان.
لە کۆتاییدا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ڕاپەڕین دەکات بۆ چاودێری و هاوکاری بەردەوامیان، هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی بێپایان ئاڕاستەی سەرجەم وانەبێژان، ڕێکخەران و بەشداربووانی خولەکە دەکات بۆ هەوڵ، دڵسۆزی و ماندووبوونی بەردەوامیان لەپێناو سەرکەوتنی ئەم چالاکییە وەرزشییە.


