کاپتن جەمال غەندوور لە هەولێر ئەزموونە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ناوبژیوانانی کوردستان دەگوازێتەوە
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی ناوبژیوانانی خولەکانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 18-1-2026 یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خولێکی زانستی و پراکتیکی بۆ ناوبژیوانانی خولەکانی کوردستان دەستپێکرد. ئەم خولە کە لە هۆتێلی بریستۆریا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تایبەتمەندییەکی بەرزی هەیە، ئەویش سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆیە لەلایەن یەکێک لە ئەفسانەکانی ناوبژیوانی لەسەر ئاستی جیهان، کاپتن جەمال غەندووری میسڕی.
لەم ڕۆژەدا، کاپتن جەمال غەندوور زنجیرەیەک وانەی بەپێز و زانستی پێشکەش کرد کە تیشکی خستە سەر نوێترین گۆڕانکارییەکانی یاسای تۆپی پێ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە ئاڵۆزەکانی ناو یاریگا. وانەکان تەنها تیۆری نەبوون، بەڵکو لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڤیدیۆیی و باسکردنی ئەزموونی یارییە نێودەوڵەتییەکان، زانیارییەکی دەوڵەمەند بەخشرایە ناوبژیوانانی بەشداربوو، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەهێزکردنی کەسایەتی و بڕیاردانی وردی ناوبژیوانان دەبێت لە کاتی یارییەکاندا.
بڕیارە بەیانی دووشەممە 19-1-2026 لە کاتژمێر 10:30ی بەیانی کۆتا ڕۆژی چالاکییەکانی خولەکە دەبێت ، کە ئامانج لێی دروستکردنی نەوەیەکی نوێ و پڕۆفیشناڵە لە ناوبژیوانان کە بتوانن بە کەمترین هەڵە یارییەکانی خولەکانی کوردستان بەڕێوەبەرن .



