سەردانی شاندی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ لای یەکێتی تۆپی پێی عێراق
ڕۆژی سێشەممە 21ـی تەمووزی 2026، لە بارەگای خولی ئەستێرەکانی عێراق، یونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق پێشوازی لە سەلاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و شاندی یاوەری کرد. لە دانیشتنەکەدا کۆبوونەوەیەکی فراوان دەربارەی ڕەوشی ئێستای تۆپی پێ و ڕێگەکانی پێشخستنی ئەم یارییە بەڕێوەچوو، بە جۆرێک کە خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەێنێت.
لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە محەمەد خۆشناو، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و هەردوو ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان حەسەن سەلیم و دارەوان قادر ئامادەبوون، لە بەرامبەریشدا لە لایەنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە ئەحمەد مووسەوی و دکتۆر سەباح قاسم بەشداربوون. لە ئاڵوگۆڕی بیروڕاکاندا، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گەشبینی خۆی بۆ ئایندەی یارییەکە دەربڕی و جەختی لە تەبا و یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تۆپی پێ لە ساڵانی داهاتوودا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان هەردوو یەکێتییەکە کردەوە؛ ئاماژەیان بەوەدا کە دروستکردنی پردی هاوکاریی بەهێز لە نێوان کوردستان و عێراقدا، نەک تەنیا خزمەت بە گەشەپێدانی ئاستی تەکنیکی و کارگێڕیی یانەکان دەکات، بەڵکو دەبێتە هەوێنێک بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنی بەهرەمەندە گەنجەکان و کردنەوەی دەرگای نوێ لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بە ڕووی یاریزاناندا. سەرئەنجام دیدارەکە لە کەشوهەوایەکی برایانە و پڕ لە لێکتێگەیشتندا کۆتایی هات، بە بەڵێنی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاتر و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی زیاتری وەرزشی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕکابەرییەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا.
